وادە دیاری کرا

خۆراکی سلێمانی داوای رادەستکردنی پارەی بەشەخۆراکی کرد

964+

ئەحمەد مستەفا

خۆراکی سلێمانی وادەی رادەستکردنی پارەی هەشتەم بەشەخۆراکی ساڵی رابردوو بۆ بریکارەکانی خۆراک دیاریکرد، هەر لەگەڵ ئەوەدا بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی سلێمانی ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی بریکارەکانی ناوشار دەکات.

داوایان لێدەکات بۆ رایکردنی کاروباری دارایی تایبەت بە سەبەتەی خۆراک، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.

بەپێی ئاگادارییەکە کە واژووی کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری خۆراکی سلێمانی لەسەر کراوە، بریکارەکانی بنکەی (361و 362)ی ناوشار پێویستە ڕۆژی شەممە 17.1.2026، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.

سەردانەکە بە مەبەستی سپاردن “ئیداع”کردنی بڕی پارەی سەبەتەی خۆراکی هەشتەمە کە تایبەتە بە داتای مانگی 12ی ساڵی 2025، رێکارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبن:

  • پارەکە بەشێوەی کاش لەلایەن بانکی باشووری ئیسلامی وەردەگیرێت، کە مەڵبەندەکەی لە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی سلێمانیدایە.
    – بریکارەکان پێویستە لە کاتی سەردانەکەیاندا کارتی بانکی باشووری ئیسلامییان پێبێت.
    – پێویستە وێنەیەک لە کارتی نیشتمانی بریکارەکە هاوپێچ بکرێت بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی ئیداعکردنی پارەکە.
    – بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە کە پابەندبوون بە کات و هێنانی پێداویستییەکان، پڕۆسەی دابەشکردنی خۆراک بەسەر هاووڵاتیاندا خێراتر دەکات.