لەبەردەم هەسەدە
دێرحافر؛ بارووتی جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی حەلەب
964+
وریا فەتاح
دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئێستا شاری “دێرحافر” کە (52 کم لە رۆژهەڵاتی حەلەب)ـەوە دوورە، بووەتە چەقی ململانێیەکی سەربازیی چاوەڕوانکراو.
ئەم شارە تەنیا خاڵێکی جوگرافی نییە، بەڵکو کلیل و دەروازەی ستراتیژیی گەیشتنە بە رووباری فورات و پارێزگای رەققە.
دێرحافر بۆ سوپای سووریا و (حکومەتی کاتی) “ناوچەی بافەر و جیاکەرەوەی”ـە بۆ پاراستنی حەلەب، بۆ هەسەدەش هێڵی بەرگریی کۆتاییە لە گوندەواری رۆژهەڵات.
لە 13ی کانوونی دووەم، سوپای سووریا دێرحافر و مەسکەنەى وەک “ناوچەی سەربازیی داخراو” راگەیاند، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئامادەکاریی هێرشێکی بەرفراوان.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن هەسەدە چەندین پردی پەیوەندیی وێران کردووە تا رێگە لە پێشڕەویی زرێپۆشەکانی سوپای سووریا بگرێت، سوپاش لای خۆیەوە هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکات کە خەریکی ڕێکخستنەوەی هێزەکانیەتی بۆ “تۆڵەسەندنەوەی حەلەب”.
کەواتا، دێرحافر ئێستا گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵاتە، بەریەککەوتنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا و گرووپەکانی سەر بە تورکیا لەم خاڵەدا، ئەگەری جەنگێکی قورس نیشان دەدات کە هاوکێشەی باکووری سووریا بەتەواوی دەگۆڕێت.
بۆیە دێرحافر تەنیا شار نییە، بەڵکو بارووتی جەنگێکی نوێیە کە هەر ساتێک چاوەڕێی چرکەساتی تەقینەوەیە.