پڕۆگرامەکان بخوێنەوە

پەروەردە بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندنی بۆ پۆلی 9 و 12ی کەمکردەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی بۆ قوتابیان دەرکرد و تێیدا بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندنی بۆ تاقیکردنەوە کۆتاییەکان لە قۆناغەکانی نۆی بنەڕەتی و دوانزەی ئامادەیی کەمکردەوە.

کلیک بکە بۆ بینینی کەمکراوەکان؛

رۆژی چوارشەممە 14.1.2026، وەزارەتی پەروەردە لە نوسراوێکدا رایگەیاند. بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەت کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ و ڕاپەڕین کراوە، بڕیاردراوە ئەو بابەتانەی لە خشتەی هاوپێچی نووسراوەکەدا هاتوون، بۆ تاقیکردنەوەکان داواکراو نەبن.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی کەمکردنەوەکە لقی زانستی و وێژەیی دەگرێتەوە و ئەو بابەتانە لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا (وزاری) نایەنەوە وە هەروەها بۆ پۆلی 9ـی بنەڕەتیش بابەتە دیاریکراوەکان لە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆدا داواکراو نابن.

ئەم بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی 2025- 2026 و ساڵانی داهاتووش کارا دەبێت، تا ئەو کاتەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرامەکان و چاپەمەنییەکانەوە پەرتووکی خوێندن سەرلەنوێ ئامادە دەکرێتەوە و گشتاندنی نوێی بۆ دەکرێت، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە تەنها لە پێناو بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندکاران نراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی تاقیکردنەوە کۆتاییەکاندا بارگرانییان لەسەر کەم ببێتەوە.

دەقی نوسراوەکە؛

بۆ / بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی
(هەولێر – سلێمانی – دهۆک – گەرمیان – هەڵەبجە – سۆران – زاخۆ – ڕاپەڕین)
​بابەت / کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن
​بە مەبەستی بەرژەوەندی قوتابیان و خوێندکاران، بڕیارماندا ئەم بابەتانەی لە خشتەی هاوپێچدا هاتووە داواکراو نەبێت بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لقی (زانستی و وێژەیی) و تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) و ساڵانی داهاتوو تا پەرتووکی خوێندن لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرامەکان و چاپەمەنییەکان ئامادە دەکرێت و گشتاندنی نوێی بۆ دەکرێت، بە مەبەستی گشتاندن و کاری پێویست.