جەرەس دەڕوات بەڵام تەلەفۆنەکان هەڵناگیرێن
هێشتا رۆژهەڵاتییەکانی دانیشتووی هەرێم ناتوانن پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن
964+
شۆڕش قادری
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بۆ ئێران ئاسایی نەبووەتەوە و هێشتا هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات ناتوانن پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
لە رۆژی پێنجەشەممەی رابردووەوە و بەهۆی خۆپیشاندانەکان، حکومەتی ئێران هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی لەو وڵاتە پەکخستووە، هەرچەندە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 13.1.2026 پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە تاران رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییە نێودەوڵەتییەکان ئاسایی بوونەتەوە، بەڵام وا دەرنەچووە و هێشتا وەک خۆیەتی.
چەند هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، پەیوەندییان بە 964ـەوە کرد و باسیان لەوە کرد، کە تەلەفۆن دەڕوات بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، واتە جەرەس لێدەدات بەڵام کەس وەڵام ناداتەوە.
لە رۆژی 28.12.2025 خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی گرانی و بێکاری لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە و سەریهەڵدا و دواتر زۆربەی شارەکانی بە ناوچە کوردییەکانیشەوە گرتەوە، تا ئێستاش بەردەوامە و رۆژبەڕۆژیش بەربڵاوتر دەبێت.