وەزیری دەرەوەی ئێران:

پەیوەندیمان لەگەڵ نوێنەری ئەمریكا بەردەوامە و بۆ هەموو ئەگەرێكیش ئامادەین

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی رایگەیاند، بۆ هەموو بژارەیەك ئامادەن و هیوادارن ئەمریكا بژارەیەكی حەكیمانە هەڵبژێرێت.

وتیشی، پێش ناڕەزایەتییەكانی ئێران و دواتریش و ئێستاش لەگەڵ ستیڤ ویتكۆف، نێردراوی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندیی بەردەوامداین.

عەراقچی ئەمڕۆ ئەم قسانەی كرد و دەشڵێت، ئەگەر ئەمریكا بژارەی سەربازییشی بۆ ئێران هەبێت، ئێمەش ئامادەین.

وتیشی، هەندێک بیرۆکە لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و ئێستا لەژێر پێداچوونەوەی ئێمەدان، بەڵام بیرۆکە پێشنیارکراوەکانی واشنتۆن لەگەڵ هەڕەشەکانی دژی وڵاتەکەمان، یەكناگرنەوە”.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی ئەوەشی كرد، “ئەگەر واشنتۆن بیەوێت ئەو بژارە سەربازییە تاقیبکاتەوە کە پێشتر بەکاری هێناوە، ئێمە ئامادەین بۆی، ئێمە ئامادەکارییەکی سەربازی زۆر گەورەتر و بەرفراوانترمان هەیە لەوەی لە جەنگی رابردوودا هەمان بوو”.

“کەسانێک هەن هەوڵ دەدەن واشنتۆن بەرەو شەڕ ڕابکێشن بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی قەوارەی زایۆنیستی، تاران باوەڕی بەوە نییە واشنتۆن ئامادەیە بۆ دانوستانی دادپەروەرانە و کاتێکیش ئامادە بوو، ئێمە بە جددی ئەو بابەتە لەبەرچاو دەگرین”، وەزیری دەرەوەی ئێران وادەڵێت.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكانیدا عەراقچی وتی: ئێمە ئامادەین لەسەر مێزی دانوستانی ئەتۆمی دابنیشین، بە مەرجێک بێ هەڕەشە بێت”.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە “ئەندامی گرووپە تیرۆریستییە راهێنراوەکان دزەیان کردووەتە ناو قەرەباڵغی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش بە مەبەستی هاندانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستوەردان”.

لە بارەی پچڕانی ئینتەرنێتیش لە ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دەڵێت، “کاتێک كارە تیرۆریستییەکان دەستیپێکرد، بە فەرمانی دەرەوەی وڵات ئینتەرنێت پچڕا”.

دوو هەفتە زیاترە خۆپێشاندانی چڕوپڕ و ناڕەزایی زۆر لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێكردووە و دەیان كەسیش لە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكانیش كوژراون، خۆپێشاندانەكانی ئەمجارە زیاتر بەهۆی هەڵاوسانی ئابووری و دابەزینی زۆر گەورەی بەهای تمەنی ئێرانی و خراپبوونی باردۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی ئێرانەوە دەستیپێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

ترەمپ: بەرپرسانی ئێران پەیوەندیان پێوە کردووم

ترەمپ: بەرپرسانی ئێران پەیوەندیان پێوە کردووم