81 كەس پۆستەكەیان دەوێت

ناوی كاندیدەكان بۆ سەرۆكی كۆمار لە قۆناغی وردبینیدایە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، 81 کاندید داوایان بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆسەی وردبینی لە سی ڤی كاندیدەكان بەردەوامە.

سەفا ئەلجەرجیری بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، “ژمارەی داواکاران بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار گەیشتووەتە 81 کەس، پرۆسەی پێداچوونەوە بە ناو و سی ڤی کاندیدەکان هێشتا بەردەوامە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم رێکارانە هێشتا بەردەوامن، هێشتا ژمارەی کۆتایی کاندیدەکان دیاری نەکراوە”.

هاوكات دەنگۆی خۆكێشانەوە و دوورخستنەوەی چەند كاندیدێك هەیە، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ رانەگەیاندراوە.

بەپێی عورفی سیاسی و رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق، پۆستی سەرۆك كۆمار بەشی كوردە، بەڵام بە دەیان كەسایەتی عەرەبیش خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە.

بەپێی یاسا دوای یەكەم دانیشتنی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان، 30 رۆژ دەرفەت هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی كۆمار.

لە رۆژی 30.12.2025 هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تەواو كرا و یەكەم دانیشتنیش بەڕێوەچوو، لەو رۆژەوە ئیتر تا 30 رۆژ پێویستە سەرۆكی نوێی كۆمار هەڵبژێردرێت.

"هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە دەنگدانێکی ئازادـدا بەڕێوەناچێت"