لە بازگەی دارەمان بە تەقە پەکخرا
ئۆتۆمبێلى کوڕی ئەفسەرێک لە کەرکوک دزرا
964+
کاروان ساڵحى – کەرکوک
درەنگانی شەوی رابردوو لە ناو بازاڕی حەسیرەکەی شاری کەرکوک، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندگرۆزەکە هی کوڕی ئەفسەرێکی کوردە دزرا، بەڵام پۆلیس لە کەمتر لە کاژێرێکدا و دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە بازگەی دارەمان، دەستی بەسەردا گرتەوە.
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تۆیۆتا لاندگرۆزەر بووە و خاوەنەکەی کوڕی موقەدەم سامانە، کاتێک لە بەردەم دوکانێکی “کولێرە بەقیمە” بۆ پشوویەک رایگرتووە، کەسێک دەرفەتی وەرگرتووە و ئۆتۆمبێلەکەی دزیوە، دوای ئاگادارکردنەوەی خێرای هێزە ئەمنییەکان و بازگەکان، ئۆتۆمبێلە دزراوەکە گەیشتووەتە بازگەی دارەمان لەسەر ڕێگەی کەرکوک – پردێ، بەڵام لەوێش شۆفێرەکە ئامادە نەبووە بوەستێت و رووبەڕووی هێزەکانی بازگەکە بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی بازگەکانی دەرەوەی شار بۆ 964، هێزەکانی بازگە بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێلەکە تەقەیان کردووە و بەو هۆیەوە سێ تایەی وەنەوشەکەیان تەقاندووە و چەند فیشەکێکیش بەر جامی دواوەی کەوتووە. دزەکە کە چەکی پێ بووە، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی پەککەوتووە، لە دووری چەند سەد مەترێک لە بازگەکە جێیهێشتووە و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە، لە ئێستاشدا گەڕان بەدوای تۆمەتبارەکەدا بەردەوامە و ئۆتۆمبێلەکە دەستی بەسەردا گیراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح