"شۆفێرانی بیانی لە ناوخۆ بار باردەكەن و كرێی ئێمەش كەمكراوەتەوە"
شۆفێرانی بارهەڵگری هەولێر تەواو بێزارن و هاتنە سەر شەقام
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
شۆفێرانی بارهەڵگر لە هەولێر گردبوونەوە و دەڵێن، ئەگەر وابڕوات دەبێت ترۆمبێلەكانیان بفرۆشن، چونكە كرێی مەرزەكان كەمبووەتەوە و بۆیان دەریناهێنێت، جگە لەوەش شۆفێرانی ئێرانی و تورک باری ناوخۆیی بە هەرزانتر بار باردەكەن و رسقی ئەوانیان بڕیوە.
شۆفێرانی بارهەڵگری هەولێر ئەمڕۆ شەممە 10.1.2026 گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی، ئەوان دەڵێن بارهەڵگری بیانی دێنە کوردستان و بار باردەکەن، بەڵام ئەوان بۆیان نییە بچینە دەرەوەی وڵات و کرێی ناوخۆییش کەمبووەتەوە، پێشتر لە هەولێرەوە بە 750 هەزار دینار دەچوونە باشماخ، بەڵام ئێستا بووەتە 325 هەزار، بۆیە بۆ ئەوان دەست نادات.
دانا سەردار، شۆفێرێكی بارهەڵگرە و بە 964ی وت، “ماوەیەکە تەواو بێزار بووینە لەدەست کەمیی کرێ و نەبوونی بار، لەبەر ئەوەی نرخەکەی کەمكراوەتەوە و باریش نییە، چونکە ئەو بارهەڵگرە بیانییانەی دێنە کوردستان، لە کاتی گەڕانەوە بار باردەکەن و بە پارەیەکی کەمتر، ئەوە بۆ ئەوان باشە، بەڵام بۆ ئێمە نا، چونکە پارەی گاز و مەسروفاتەکەش دەرناچێت”.
وتیشی، “کرێی مەرزی باشماخ لە هەولێرەوە پێشتر 750 هەزار دینار بوو، ئێستا 325 هەزارە، کرێی زاخۆ 400 هەزار بوو، ئێستا 200 هەزارە، کەواتە بۆ ئێمە هیچ سوودی نییە و وا بڕوات دەبێت ئۆتۆمبێلەکانمان بفرۆشین”.
ئەم ناڕەزایی و گردبوونەوەی شۆفێری بارهەڵگران تەنیا لە هەولێر نەبوو، بەڵكو ئەمڕۆ لە كەلاریش شۆفێرانی بارهەڵگر بە هەمان هۆكار گردبوونەوە و رایانگەیاند، شۆفێرانی ئێرانی و تورک ئەوانیان بێ كار كردووە و ترانزێت دەهێننە ناو كوردستان و باریش بەرەو سنوورەكان باردەكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا