بە مەرج
ئیدارەى خۆسەر: ئامادەین هێزەکانمان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بکشێنینەوە بۆ رۆژهەڵاتی فوڕات
964+
وریا فەتاح
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رەزامەندی نیشاندا لەسەر گواستنەوەی هێزەکانی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبەوە بەرەو رۆژهەڵاتی فوڕات، بەڵام بە چەند مەرجێک کە پەیوەستن بە پاراستنی دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیدارەی خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتی رایگەیاند، پاراستنی مەدەنییەکان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە “پێشینەی هەرە لەپێشینەی” کارەکانیاندایە.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕاگەیەندراوەکە:
1. پێشوازیکردن لە نێوەندگیری: ئیدارەی خۆسەر پێشوازی لە پێشنیازی هێزە نێودەوڵەتییە نێوەندگیرەکان کردووە بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی نێو شێخ مەقسوود و گواستنەوەیان بۆ رۆژهەڵاتی فوڕات بە شێوەیەکی ئارام.
2. مەرجەکان بۆ کشانەوە: جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بە دابینکردنی “پاراستنی کوردیی خۆجێی” و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی خۆجێی بۆ دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە.
3. ڕێککەوتنی 1ـی نیسان: ئیدارەی خۆسەر جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئەم رێوشوێنانە بەپێی “رێککەوتنی یەکی نیسان” بێت کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتوون.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی حەلەب و پاراستنی مەدەنییەکان بەردەوامن.