داو دەرمان بەرەو نەمان دەچێت

مانگی سووری کوردی کاروانێکی فریاگوزاری بەرەو حەلەب بەڕێکرد

964+

وریا فەتاح

مانگی سووری کوردی (Heyva Sor) لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، هاوارێکی بەپەلەی مرۆیی ئاراستەی جیهان کرد و داوای دەستبەجێ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە حەلەب دەکات.

رێکخراوەکە رایگەیاندووە کە لە ماوەی 4 رۆژی بەردەوامی هێرشەکاندا بە چەکی قورس، 100 مەدەنی بوونەتە قوربانی، کە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و زۆربەشیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون.

هەدیە عەبدوڵڵا و دڵگەش عیسا، هاوسەرۆکانی مانگی سووری کوردی، لە شاری حەسەکەوە هۆشدارییان دا لە دۆخێکی مرۆیی “کارەساتبار” لەو گەڕەکانەدا. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە دانیشتووان نزیکەی 5 مانگە لەژێر گەمارۆیەکی تونددان و لە ئێستادا دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکاندا بەرەو نەمان دەچن، ئەمە جگە لەوەی بۆردومانەکان بە ئەنقەست ماڵی مەدەنی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیان کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، راستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، کاروانێکی هاوکاریی مانگی سووری کوردی کە لە 15 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر پێکدێت، لە حەسەکەوە بەرەو شاری حەلەب بەڕێکەوت.

ئامانجی کاروانەکە گەیاندنی دەرمان و دەستبەجێ گواستنەوەی بریندارەکانە، بەڵام رێکخراوەکە دەڵێت تا ئێستا هێزە هێرشبەرەکان رێگەیان نەداوە هیچ لایەنێکی پزیشکی بچێتە ناو گەڕەکەکانەوە.

مانگی سووری کوردی داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆیان هەڵگرن و فشار دروست بکەن بۆ کردنەوەی “ڕێڕەوێکی مرۆیی ئارام”، ڕێکخراوەکە ئامادەیی تەواوی خۆی نیشانداوە کە بەبێ دواکەوتن بچێتە ناو ناوچە لێدراوەکان بۆ  رزگارکردنی بریندارەکان، ئەگەر گەرەنتی پاراستنی تیمەکانیان بکرێت.

ئاسایشى ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بۆ 964: تائێستا 23 کەس گیان...

ئاسایشى ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بۆ 964: تائێستا 23 کەس گیانیان بەخشیوە