وەزیری پێشمەرگە هاتە سەر خەت
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی 964 کێشەی پێشمەرگەیەک چارەسەر بوو
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
ئەو پێشمەرگەیەی قەزای سەیدسادق کە لە شەڕی دژی داعشدا بە سەختی بریندار ببوو و کێشەی لە ناساندنی وەک کەمئەندامی سەنگەر هەبوو، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی 964 لەسەر دۆخەکەی، وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتنە سەر خەت و بڕیارە رۆژی یەکشەممە کێشەکەی چارەسەر دەکرێت.
پەیامنێری 964 سەردانی ماڵی ئەو پێشمەرگەیەی کرد لە قەزای سەیدسادق، عەتا ئەحمەد وتی، دوای ئەوەی شەوی رابردوو 964 دەنگی گەیاند، لیوا عوسمان و وەزیری پێشمەرگە و لیژنەی پزیشکی هاتوونەتە سەر هێڵ و بەڵێنی تەواویان پێداوم مافەکانم بۆ بگەڕێننەوە، کە پێشتر وەک کەمئەندامی سەنگەر ناوونووس نەکرابووم.
ئەم پێشمەرگەیە کە لە شەڕەکانی پڕدێ و جەلەولا و چەندین ناوچەی دیکە دژی داعش بەشدار بووە و ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆر دڵخۆشە و بڕیارە رۆژی یەکشەممە بچێتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان، سوپاسی خەڵک و تیمی 964ی کرد کە بوونە هۆکاری ئەوەی بەرپرسان بەدەم داواکارییەکەیەوە بچن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر