حاجیاوا بڕیارێكی وه‌زاره‌تى دارایی له‌باره‌ى باجدان ره‌تده‌كاته‌وه
964+
مەجید بیتوێنی – رانیە
وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاریدا، لەمەودوا نابێت کارمەندانی هەردوو هۆبەی دارایی له حاجیاوا و چوارقوڕنە باج کۆبکەنەوە، به‌ڵكو دەبێت بچنە باجی راپەڕین، لە رانیە باج بدەن، حاجیاواش ره‌تده‌كاته‌وه.
بڕیاره‌كه‌ى وەزارەتی دارایی هەرێم به گواستنه‌وه‌ى هۆبەکانی دارایی چوارقوڕنە و حاجیاوا بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی باجی خانووبەرەی راپەڕین، ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.
به‌قسه‌ى هاوڕێ کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئه‌م بڕیارە دوو گرفت دروستدەکات، لەلایەک مانگانە هاوڵاتیان و کاسبکاران ناتوانن لە شوێنەکانی خۆیان باج بدەن، دەبێت بچنە رانیە، لەلایەکی تریش وەک پێویست کاره‌كانیان رایی نابێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌ن بە 964 یشی راگەیاند “سبەی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی خانووبەرەی راپەڕین ئه‌نجامدەدرێت”.
لایخۆشییه‌وه، عومەر مستەفا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی خانووبەرەی راپەڕین بەتۆڕی 964ی وت “هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لە دەسەڵاتی ئەواندا نیە و جێبەجێکردنیشی گرفت بۆ ئەوان دروستدەکات”.
وتیشى “بیناکەمان بچوکە و ژمارەی کارمەندەکانیشمان کەمە، داوامانکردوە لە کاتی گواستنەوەی هۆبەکان، کارمەندەکانیشمان بگوزارێنەوە، یان وەک قەڵادزێ لە شوێنەکانی خۆیان ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن”.
حاجیاوا (كه ماوه‌یه‌كه بڕیاری به‌قه‌زابوونى ده‌رچووه) لە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی ناڕازییە، ئەزوەر جەعفەر كه وه‌ك بەڕێوەبەری ناحیە، حاجیاوا به‌ڕێوه‌ده‌بات، بە تۆڕی 964ی وت، بڕیارەکەیان رەتکردووەتەوە.
به‌قسه‌ى ناوبراو “تازە بڕیاری بەقەزابوونی ناحیەکەمان دراوە، کەچی لە جیاتی زیادکردنی فەرمانگە، بڕیاردراوە بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی دارایی لاببرێت؟”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن