ژمارەکە هەڵكشاوە
وەزعیان باش نییە و ساڵی رابردوو 19 پیاو کوژراون
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەهۆی كێشە خێزانییەكانەوە، ساڵ بەساڵ دۆخی پیاوان خراپتر دەبێت و بەراورد بە ساڵی 2024 لە ساڵی 202، شەش پیاو زیاتر كوژراون.
بوڕهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان بە 964ی وت، ساڵی 2025 وەكو ساڵانی دیكە، ساڵێكی باش نەبووە بۆ پیاوان و پڕ كێشە و گرفتی جۆراو جۆر بووە، هۆكارەكەشی قەیرانی دارایی، بارودۆخی سیاسی و زۆربونی ئەندامانی خێزان و كێشە كەڵەكەبووەكانی ناو خێزانەكانە.
ئامارەكان بەوردی لە نێوان 2024 بۆ 2025 بەم جۆرەیە:
ئاماری 2024:
سكاڵای پیاوان: 609
حاڵەتی خۆكوشتن: 61
كوژران: 13
ئاماری 2025:
سكاڵای پیاوان: 611
حاڵەتی خۆكوشتن: 73
كوژران: 19
بوڕهان عەلی دەشڵێت، لەناو رێكخراوەكە سكاڵا وەردەگیرێت و سەرەتا هەوڵدەدرێت كێشەكان چارەسەر بكرێت و دواتر ئەگەر نەگونجان لە دادگا لەگەڵیان دەبین.
وەك باسیشی دەكات، چەندین چیرۆكی ناخهەژێن رویان تێدەكەن، دیارترینیان چیرۆكەكانی ناپاكی هاوسەرێتییە، لەناویاندا چیرۆكێك هەبووە سەرەڕای ناپاكییەكەی ژنەكە خانووەكەی لە پیاوەكە سەندووە و منداڵ و هاوسەرەكەی كردووەتە دەرەوە و ئێستا لە خانووی كرێدا دەژین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا