رێڕەوی سیروان دەگوازرێتەوە
کارکردن لە زۆنی سێیەمی کۆڕنیشەکەی کەلار دەستیپێکردوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەسەر رووباری سیروان لە قەزای کەلار بە درێژایی 11 کیلۆمەتر کۆڕنیش دروست دەکرێت، کارەکانی کراوە بە شەش زۆنەوە، زۆنی دووەم لە تەواوبووندایە و زۆنی سێیەمیش دەستی بە کارەکانی کردووە.
سەلام حەمید، ئەندازیاری زۆنی سێیەمی کۆرنیشی کەلار بە 964ى وت، “زۆنەکە درێژییەکەی 1650 مەترە، لە قۆناغی یەکەمدا لە 475 مەتری کار دەکرێت، بەربەستی پرۆژەکە دروستکراوە”.
“پانیی کۆرنیشەکە 130 مەترە، سەوزایی و رێڕەوی پیادە و پاسکیل و یاریی منداڵانیش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ شەقامێکی 30 مەتری، بە تەواوبونی کۆرنیشەکە چەندین چالاکی ئاویش لەخۆدەگرێت”، سەلام حەمید وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای وەرزی بارانبارین، رێڕەوی رووباری سیروان دەگوازینەوە و لە بەشەکانی دیکەش دەستبەکار دەکەین، ئەگەر رێگری نەبێت و کەشوھەوا گرفتیان بۆ دروست نەکات، لە ماوەی ساڵێک کارەکانی تەواو دەبێت.
كۆڕنیشی كەلار پڕۆژەیەكی گەورەی بازرگانی و نیشتەجێبوون و گەشتیارییە و لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بونیاد دەنرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا