قوتابیانی ئەڵوەن وێنە و نووسینەکانیان دەچێتە پەرتووکەوە

+964

هونەر فارس – گەرمیان

لەمەودوا قوتابیانی قوتابخانەی ئەڵوەنی بنەڕەتی لە قەزای کەلار، وێنە و نوسینەکانیان لە پەرتوکێکدا بڵاودەکرێتەوە.

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی گەرمیان، قوتابخانەیەکی بنەڕەتی، پەرتوکێکی ساڵانە بۆ ئەرشیفکردنی چالاکی و نوسینەکانی قوتابیەکانی قوتابخانەکەی بڵاودەکاتەوە.

پەرتوکەکە بەناوی قوتابخانەکەوە ناونراوە و بۆ ئەمساڵ 34 لاپەڕە لەخۆ دەگرێت و لەساڵانی داهاتوودا ژمارەی لاپەڕەکانی زیاتر دەبن.

ئامانج لە پەرتوکەکە هێشتنەوەی چالاکییەکانی قوتابخانەکە و برەودانی زیاترە بە قوتابیانی بنەڕەتی لە بواری نوسین و فێرکردندا.

دلێر عەبدولڕەحمان، مامۆستای قوتابخانەکەیە و خاوەنی بیرۆکەکەیە بە 964ی وت، تەرکیزیان زیاتر لەسەر قوتابیانی قۆناغی چوار و پێنج و شەشی بنەڕەتییە، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر نوسین  رایانبهێننن و نوسین و بەرهەمەکانیان لەو پەرتوکەدا بڵاوبکەنەوە لە ساڵانی داهاتوودا.

قوتابخانەی ئەڵوەنی بنەڕەتی قۆناغەکانی یەک تاکو شەشی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت و 792 قوتابی تێیدا دەخوینێت.