روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە؛

“لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بەغدا تەنیا %41ی مافە داراییەکانی بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە”

964+

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، ئەوەی بەغدا لەماوەی سێ ساڵی رابردوو لەبارەی بودجە بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، هێشتا ناکاتە نیوەی ئەو پشکەی کە بە رەزامەندی هەردوولا بۆ هەرێمی کوردسان دیاریکرابوو.

وەزارەتەکە لە روونکردنەوەیەکی کورتدا دەڵێت “لە ماوە سێ ساڵی رابردوودا، لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، لە 21.6.2023، کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاریکرا”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جیاوازی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا خەرج کراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم رووبەڕووی “گەمارۆی وەبەرهێنان” و “کەلێنی گەورەی دارایی” کردووەتەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %41ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنها %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە.