گومانێک ئاشکرای کردن
لە هەڵەبجە سێ کەس بەتۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە خەڵکی دەرەوەی شارەکەن
964+
فەرهاد حەسەن
پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، سێ تۆمەتباریان بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیرکردووە و ئێساش رێکاری یاساییان لەبەرامبەر گیراوەتە بەر.
دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا لەلایەن بنکەی پۆلیسی خورماڵ، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (پ.ئ. م) تەمەن 28 ساڵ و (م.ع.آ) تەمەن 26 ساڵ، بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرابوون دواتر دەرکەوت کە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەریشن.
ئاماژە بەوەکراوە، دوای دەستگیرکردنیان، گومان کرا کە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بن بۆیە رەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە کران بەمەبەستی پشکنین، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە بەکارهێنەری ئەم مادەیەن، ئەوەبوو بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی (30 هۆشبەر) پەڕاوێکی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە.
پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیان توانرا ئەو تۆمەتبارەش کە مادەکەی پێفرۆشتوون بەناوی (ر.ن.ع) تەمەن 26 ساڵ، لەلایەن بنکەی پۆلیسی خورماڵەوە دەستگیر بکرێت و بەپێی مادەی (26 هۆشبەر) پەڕاوی بۆ بکرێتەوە.
پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەی روونکردووەتەوە کە ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون دانیشتوی دەرەوەی سنوری پارێزگاکەی ئەوانن، ئێستاش سێ تۆمەتباراکە بە بڕیاری دادوەر، بەبەندکراوی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزور کراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.