ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا - وێنە: Bloomberg
پیر و پەککەوتە بەڕێوەی دەبەن
نۆرەی کوبایە؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ بەدڵیان نین
964+
ئەحمەد مستەفا
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، حكومەتی كوبا كێشەی گەورەی دروست كردووە و ئێستا لە تەنگژەدایە، ناشی شارینەوە كە ئێمە رژێمی ئەو وڵاتەمان بەدڵ نییە.
مارک رۆبیۆ ئەو قسانەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ویلایەتی فلۆریدا وت و دەشڵێ، حكومەتی كوبا لەلایەن چەند كەسێكی نەشارەزا و پیر و پەككەوتە بەڕێوەدەبرێت.
سەبارەت بە ئۆپڕاسیۆنی دەستگیركردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی، حكومەتێكی سیخوڕی پڕ لە كۆكایین بوو و چەند كەسێك دەستیان بەسەر تەواوی وڵاتدا گرتبوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر من كاربەدەستێكی كوبا بام و ئێستا لە هاڤانا بوومایە، بەلایەنی كەم دەبوو هەست بە ترسێكی گەورە بكەم.
بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكا ئۆپەڕاسیۆنێكی تۆكمە و نهێنییان لە كۆشكێك لە وڵاتی ڤەنزوێلا ئەنجام دا و تێیدا نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەیان رفاند.
لەیەکەم لێدوانی ڤیدیۆیی دوای هێرشەکەی سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادۆۆری سەرۆکی وڵاتەکە ترەمپ وتی، پێویستە هەموو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ڤەنزوێلا لەوە تێبگەن کە ئەوەی بەسەر مادۆرۆدا هاتووە، دەکرێت بەسەریاندا بێت.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەشڵێت، خەڵکی ڤێنزوێلا دیسانەوە ئازادن و ئەمریکا لەمڕۆدا نەتەوەیەکی سەلامەتتر و سەربەرزترە.
بە قسەی سەرۆکی ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە نیۆرک رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و لەسەر دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانی بە چەک دادگایی دەکرێت.