سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار. وێنە: 964
نامە و نووسراوەکان واژۆ ناکرێن
لەئێستادا کەلار بێ سەرۆکی شارەوانییە
میلاد جەلال – گەرمیان
لە کەلار ئەو مامەڵە و نوسراوانەی پێویستیان بە واژۆی سەرۆکی شارەوانیە واژۆیان بۆناکرێت، سەرۆکی شارەوانی کە بەوەکالەت پۆستەکە بەڕێوەدەبات ماوەکەی تەواو بووە، تائێستا سەرۆکی نوێش دەستبەکار نەبووە.
دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانی کەلار بوو بە ئەندام پەرلەمان لە پەرلەمانی عێراق، دەستی لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی کێشایەوە، جێگرەکەی بەوەکالەت بوو بە سەرۆکی شارەوانی.
سەلام عوسمان سەرۆکی شارەوانی کەلار بەوەکالەت بە 964ى وت،”فەرمانی بەڕێوەبردنی وەک سەرۆکی شارەوانی کەلار بەوەکالەت، تا کۆتایی ساڵی 2025 بوو، ئێستا لەساڵی نوێداین و فەرمانەکەم تەواو بووە”.
“ئەو نوسراوانەی پێویستی بە واژۆی سەرۆکی شارەوانی ھەیە، کارەکانیان بۆ ئەنجام نادرێت، من ماوەکەم تەواو بووە و سەرۆکی نوێی شارەوانیش دەستبەکار نەبووە”، سەلام عوسمان وای وت.
سەبارەت بەوە بابەتە چۆمان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی وت، ئەمڕۆ یەکشەممە 4.1.2026 سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان نووسراوی کردووە بۆ وەزارەتی شارەوانی بۆ نوێکردنەوەی فەرمانی سەرۆکی شارەوانی بەوەکالەت، تا ئەوکاتەی سەرۆکی شارەوانی کەلار دیاری دەکرێت و دەستبەکار دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری