"هاوکارییەکان کۆتایی نایەت"
عێراق بنکەکانی نێردەی یونامی لە سەرانسەری وڵاتەکەی وەرگرتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەرگرتنەوەی بنکەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان “یونامی” لە سەرانسەری وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە 2732ـی ساڵی 2024ـی ئەنجومەنی ئاسایش کە تایبەت بوو بە کۆتاییهێنان بە کارەکانی ئەو نێردەیە.
بەڵام، کۆتاییهاتنی کارەکانی نێردەی یونامی بە واتای کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان نایەت
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێت، لە چوارچێوەی بڕیاری حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی)، و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش کە کارەکانی نێردەکەی لە رۆژی 21.12.2025 کۆتایی پێ هێنا، بریکاری وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنەوەی بنکەکان، باڵیۆز محەمەد حوسێن بەحرولعلوم، لەگەڵ کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنووسی وەرگرتنەوەی کۆمەڵگەی تێکهەڵکێشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە بەغدا واژۆ کرد.
دواتر، گەشتێکی مەیدانی بۆ ناو کۆمەڵگەکە و بینینی بەشەکانی ئەنجامدرا، باڵیۆز بەحرولعلوم ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە نێردەی یونامی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا پێشکەشی کردووە، هەروەها ئاستی هاوکاری و هاوبەشییە بەرهەمدارەکەی لەگەڵ عێراق بەرزنرخاند کە بەشداربووە لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان، بەتایبەتی لە چەسپاندنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ژنان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
وەزارەتەکە دەڵێ، باڵیۆز بەحرولعلوم یادی قوربانیانی نێردەی یونامی کردەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەو ئەندامانەی کە لە ساڵی 2003 لە کاتی کارەکانیاندا گیانیان لەدەستدا، کە دیارترینیان یەکەمین سەرۆکی نێردەکە، کۆچکردوو “سێرجیۆ دی میلۆ” بوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی عێراقی گەیاندە هەموو ئەو نوێنەرانەی لە ماوەی رابردوودا سەرکردایەتی نێردەکەیان کردووە تا دەگاتە نوێنەری ئێستا، باڵیۆز محەمەد حەسان.
ئەوان لە رێورەسمەکەدا وتوویانە، کۆتاییهاتنی کارەکانی نێردەی یونامی بە واتای کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان نایەت، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی گەشەپێدانە کە لەلایەن تیمی نیشتمانیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بە شێوەیەک کە لەگەڵ کارە لە پێشینەکانی حکومەتی عێراقدا بگونجێت.