سەرڕێژ بووە
بەنداوى سماقوڵى بەرەکەتى بۆ راوچییەکان هێناوە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سماقوڵى
سەرڕێژبوونی بەنداوی سماقوڵی بەهۆی شەپۆلی باران و بەفری ئەم دواییە، خێر و بەرەکەتی بۆ راوچییانی ناوچەکە هێناوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ئاوەکە بەسەر دەرچەی سەرڕێژەکەدا، سەدان ماسی لەگەڵ شەپۆلەکان دەکەونە خوارەوە و ڕاوچییەکانیش لەوێدا کەمینیان بۆ داناون.
نادر قادر، یەکێک لە راوچییەکان بە 964ی وت: “رۆژی یەکەم ماسییەکی زۆر دەهاتە خوارەوە، خەڵک هەبووە 120 ماسی گرتووەتەوە، بەڵام رۆژی دووەم ڕێژەکە کەمی کردووە”.
ئێستا خوارووی بەنداوەکە بووەتە جێژوانی راوچییان و بە ئاسانی و بێ ماندووبوونێکى زۆر، بە سەبەتە و شەداو ئەو ماسیانە دەگرنەوە کە بەفر و بارانەکە بەدیارى بۆى هێناون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح