سەرۆک عەشیرەتێک خۆی و بنەماڵەکەی کرانە ئامانج
964+
راژان مەجید – دیالە
لە هێرشێکی پیلان بۆ داڕێژراودا لە پارێزگای دیالە سەرۆک عەشیرەتی تەمیم، خۆی و خانەوادەکەی کرانە ئامانج.
رووداوەکە کاتژمێر 9:15 خولەکی شەوی رابردوو روویداوە، لەسەر رێگای گوندی هزێنییەی سەر بە شارەبان.
لەو هێرشەدا کە پێنج کەسی یەک بنەماڵە کرانە ئامانج، هەشت کەس کوژراون کە سێ لەوان ژنن و دووی دیکەش منداڵن، هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
شایەتحاڵێک لەبارەی رووداوەکە بە 964ـی وت، هێرشەکە پیلان بۆ داڕێژراو بووە.
زیاتر روونی کردەوە، چەکدارەکان پێشوەختە زانیارییان هەبووە کە سەرۆک عەشیرەتی تەمیم لە پارێزگای دیالە بەو رێگایەدا تێدەپەڕێت، بۆیە بۆمبێکی چێنراویان لە ناوەڕاستی شەقامەکە چاندبوو و خۆیشیان کەمینیان داناوە.
دارن محاسن، شایەتحاڵی رووداوەکەیە و قسەی بۆ 964 کردووە، ئەو دەڵێت: هەر کەسێک بەو رێگایەدا تێپەڕیوە تەقەیان لێکردووە، تەقە لە دوو برای منیش کراوە و یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەش بریندار بووە.
تا ئێستا پۆلیس لەسەر رووداوەکە هیچ روونکردنەوەیەکی نەبووە و گرۆپە چەکدارەکەش نەناسراون.
بە قسەی شایەتحاڵەکە کەسی ئامانجدار، پارێزەر مەیسەم ئیسماعیل تەمیمی بووە کە سەرۆک عەشیرەتی تەمیمە لە پارێزگای دیالە.
مەیسەم ئیسماعیل تەمیمی، خۆی و خانەوادەکەی بەو رێگایەدا تێدەپەڕن، چەکدارەکان تەقەی لێدەکەن، ئەمەش وادەکات کۆنتڕۆڵ لەدەست بدات و بۆمبەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەدا تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە پێنج کەس لە خێزانەکەی و سێ لە ئامۆزاکانی دەکوژرێن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق