دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و دروستکردنی لیژنەکان دەدات
پەرلەمانی عێراق کارنامەی دووەم كۆبونەوەی بڵاوكردەوە و دووشەممە بەڕێوەدەچێت
964+
فەرهاد حەسەن
پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی دوشەممە كۆدەبێتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دروستكردنی لیژنەكانی و گفتوگۆی گشتی.
پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دووەم دانیشتنی لە رێکەوتی 5.1.2026 بڵاوکردەوە، کە بڕیارە کاتژمێر 10:00ـی سەربەیانی دەستپێبکات، سێ تەوەری سەرەكی لەخۆ دەگرێت.
بەگوێرەی كارنامەكە، تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکە تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و لە تەوەری دووەمیشدا لیژنەیەک پێکدەهێندرێت بە مەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان.
هەر بەپێی کارنامەکە، لە تەوەری سێیەمدا کات بۆ گفتوگۆ گشتییەکان تەرخانکراوە تا پەرلەمانتاران سەرنجەکانیان لەسەر پرسە جیاوازەکان بخەنەڕوو.
پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە و سێشەممەی رابردو یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجامدا كە تێدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردران، هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەك جێگری یەكەم و فەرهاد ئەتروشی وەك جێگری دووەم دەسبەكاربوون.