پاڵاوگەکان پشتی پێدەبەستن

“مەترسی سیستمی روویداوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەیە”

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ شەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، جەنگ دژی ڤەنزوێلا رەنگە نرخی نەوت بەرز بکاتەوە و بازاڕ بخاتە ناو “مەترسییەکی سیستمی یەوە”.

ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ڤەنزوێلا چیتر یاریزانێکی لاوەکی نییە لە بازاڕی وزەدا، لانیکەم لە رووی دەرونییەوە، سەرەڕای سنوورداریی بەرهەمهێنانی ئێستای کە 700-800 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، هەروەک وتی، زۆربەی بەرهەمەکەی لە نەوتی قورسە کە زۆرێک لە پاڵاوگەکانی جیهان پشتی پێ دەبەستن، ئەمەش وا دەکات هەر پەککەوتنێک لە هەناردەکردنی ببێتە هۆکارێکی راستەوخۆ بۆ دروستبوونی تەنگژەی کارپێکردن لە ئاستی جیهاندا.

کاریگەریی بڕی نەوتی ڤەنزوێلا رەنگە بەراورد بە بەرهەمهێنانی جیهانی کە 102 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا سنووردار دیار بێت، بەڵام ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوە لە جیهاندا و وڵاتێکە خاوەن هێمایەکی بەرزە لە هاوسەنگییەکانی بازاڕی وزە لە باشووری رۆژئاوای گۆی زەویدا.

ساڵح وتیشی، هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا-ڤەنزوێلا باجێکی تری (Risk Premium) مەترسی جیۆپۆلیتیکی زیاد دەکات کە دەستبەجێ لە مەودای کورتدا نرخەکان بەرز دەکاتەوە، چونکە بازاڕ ئەم ڕووداوە وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار دەخوێنێتەوە بۆ گەڕانەوەی بەکارهێنانی نەوت وەک چەکێکی سیاسی و سەربازی، ئەمەش هەڕەشە لە سەقامگیریی دابینکردنی وزە لە ئەمریکای باشوور دەکات.

راوێژکارە داراییەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هۆکارانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سنووری 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک یان زیاتر، ئەگەر بێتو گرژییە سەربازییەکان لە سێ ناوچە سەرەکییەکەی وزە لە جیهاندا (ئۆراسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئەمریکای باشوور) بەردەوام بن، ئەمەش ئەوەیە کە پێی دەوترێت “مەترسیی سیستەمی” لە بازاڕی نەوتدا.

نرخى نەوت بەردەوامە لە دابەزین

نرخى نەوت بەردەوامە لە دابەزین