86 تاوانى جۆراوجۆر روویانداوە

هەولێر لە پشووى سەرى ساڵدا: نزیکەى 90 هەزار گەشتیار و لەدایکبوونى 294 منداڵ

964+

وریا فەتاح

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاماری گشتیی چالاکی و رووداوەکانی پشووی سەری ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە (لە 25ی کانوونی یەکەمی 2025 تاوەکو 1ی کانوونی دووەمی 2026)، کە تێیدا هاتووە پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کراون.

گرنگترین ئامارەکان بەپێی کەرتەکان:

1. گەشتوگوزار و هاتوچۆ:

گەشتیار: 88 هەزار و 341 گەشتیار لە بازگەکانەوە هاتوونەتە ناو هەولێر.
رووداوی هاتوچۆ: 17 رووداو تۆمارکراون، بەهۆیانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و 9 کەسیش بریندار بوون.
ئەرک: زیاتر لە هەزار ئەفسەر و کارمەندی هاتوچۆ لە شەقامەکاندا بوون.

2. ئەمنی و پۆلیس:

تاوان: 86 حاڵەت و تاوانی جۆراوجۆر هەبووە، کە 85 حاڵەتیان ئاشکرا کراوە و تەنیا یەک دانە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

3. تەندروستی (ئاماری نەخۆشخانەکان):

سەردانیکەر: 5 هەزار و 486 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە گشتییەکانیان کردووە.
لەدایکبوون: 294 منداڵ لەو چەند رۆژەدا لەدایکبوون (127 کوڕ و 156 کچ).
نەشتەرگەری: 502 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە.

4. خزمەتگوزاری و شارەوانی:

زبڵ و خاشاک: تەنیا لە شەوی سەری ساڵدا 30 تۆن پاشماوە کۆکراوەتەوە. (لە ماوەی ساڵدا 730 هەزار تۆن چارەسەر کراوە).
ژینگە: 128 هەزار دار و 106 هەزار گوڵ چێندراون و 29 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە.

5. رێگاوبان و بەرگری شارستانی:

بەفر و باران: تیمەکانی رێگاوبان 1,100 کیلۆمەتر رێگایان لە بەفر و قوڕ لیتە پاککردووەتەوە و 180 تۆن خوێیان بەکارهێناوە.
ئاگرکەوتنەوە: تەنیا یەک حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە و کۆنترۆڵ کراوە.

6. بارانبارین و لافاو:

ئاماری باران: تاوەکو ئێستا 230.6 ملم باران لە هەولێر باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە تەنیا 43 ملم باریبوو. پارێزگا دەڵێت؛ بەهۆی رێکارە پێشوەختەکانەوە شارەکە لە مەترسی لافاو پارێزراوە.

پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی شارەوانی، تەندروستی و گەشتوگوزار دەکات کە توانیویانە بەبێ گرفت پشووەکان بەڕێ بکەن و شارەکە بۆ گەشتیاران و هاوڵاتییان ئارام ڕابگرن.