لە سەیدسادق
پێڕانەگەیشت پارە ساختەکەی لە بازاڕ ساغبکاتەوە و دەستگیر کرا
964+
فەرهاد حەسەن
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بەتۆمەتی ساغکردنەوەی دراوی ساختە، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە و ئێستاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
دەستگیرکردنەکە لە قەزای سەیدسادق بووە، کاتێک مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوان، کە سەر بە بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانین زانیاریان پێدەگات و تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکەن.
ئاماژە بەوەکراوە، تۆمەتبار بڕی 800 هەزار دیناری عێراقی پارەی ساختەکراو (تەزویر)ی پێبووە لە جۆری (پەنجا هەزار دیناری)و ویستویەتی لەناو بازاڕی قەزای سەیدسادقدا ساغی بکاتەوە، لەگەڵ دەستگیرکردنیشدا دەست بەسەر پارە ساختەکراوەکەشدا گیراوە.
بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە رێکخراوە و ئێستا تۆمەتبار بەناوی (ر. ع. ص) تەمەن 29 ساڵ بەپێی مادەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵدا دەكرێت.