كوژراو و بریندار هەیە
سویسرا بە تەقینەوەیەک پێشوازی لە ساڵی نوێ كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.1.2026 پۆلیسی سویسرا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەک لە باڕێک لە شوێنێكی بەرچاوی خلیسکێنەی سەربەفر لە شاری کرانس-مۆنتانا لە سویسرا، چەند کەسێک کوژران و بریندار بوون.
وتەبێژی پۆلیس، گایتان لاتیۆن، لە کانتۆنی ڤالی لە باشووری رۆژئاوای سویسرا رایگەیاندووە، تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نادیارە، ژمارەی كوژراو و بریندارەكانیشی ئاشكرا نەكرد.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی سویسرا، تەقینەوەكە دەوروبەری كاتژمێر 1:30ی بەیانی ئەمڕۆ بە كاتی ئەوروپا لە باڕێك بە ناوی لی كۆنستیلایشن روویداوە، كە ناوبانگی هەیە و گەشتیاری زۆر رووی تێدەكەن، ئەمەش لە كاتێكدا روویداوە كە ئەوانەی لەو شوێنە بوون بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ ئاهەنگیان دەگێڕا.
هاوكات دەنگۆی ئەوە هەیە تەقینەوەكە بەهۆی یارییە ئاگرینەكان روویدابێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەك ئەمەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.