چەند گەنجێکی هەریر ئەم کارەیان کرد
نان و گەنمیان بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان گەیاندە چیای سەراورد
964+
فەرهاد حەسەن
چەند گەنجێکی خۆبەخش و ژینگەپارێزی قەزای هەریر لە خەمی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی کە بەهۆی بەفر بارینەوە پێویستیان بە خواردن و خۆراکە، چەند فەردەیەک نان و گەنمیان کۆکردەوە و گەیاندیانە چیای سەراورد لە سنووری خەلیفان.
بەپێی ئەو دیمەنانەی تۆماریان کردووە دەبیندرێت چیاکە پڕ بووە لە بەفر و ئەوانیش لە چەند شوێنێکی جیاواز گەنم و نانەکەیان بۆ رۆدەکەن.
سۆزدار ئەحمەد ژینگەدۆستە ناسراوەکەی هەریر بە 964ـى وت، بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان پاشماوەی نانی ماڵان و نانەواخانەکانیان لەنای هەریر کۆکردووەتەوە گەنمیشیان دابین کردووە و بردویان بۆ سار ئەو چیایە.
چیای سەراورد، بەنداوی بێخمە لە دامێنییەتی، ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ وباڵندەی کێوی لێ دەژیت و کەوتووەتە سنووری قەزای خەلیفان.
سۆزدار، یەکەمجاری نییە ئەم کارانە لە سنوورەکەی ئەنجام دەدات، بەڵکو ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ خزمەتکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان، کار لەسەر پاراستنی ژینگەش لە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات.