کەی و چۆن جێبەجێ دەکرێت؟

فیفا دەیەوێت شۆڕشێكی نوێ لە تۆپی پێدا بكات و ئیتر یاری پڕ گۆڵ بێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پێشهاتی نوێ سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسایەکی نوێی ئۆفساید لە یارییەکانی تۆپی پێدا سەریهەڵداوە، کە دەتوانێت شۆڕشێک لە وەرزشەکەدا بکات.

رادیۆی مۆنتی كارلۆی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، فیفا و ئەنجومەنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (IFAB) دەرگایان کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای نوێی ئۆفساید، کە لەلایەن ئارسێن ڤینگەری راهێنەری پێشووی فەڕەنسی لە ساڵی 2020ەوە پێشنیازی کردووە، راهێنەرەكەی پێشووی ئارسیناڵ کە ئێستا وەک سەرۆکی پەرەپێدانی تۆپی پێی جیهانی فیفا کاردەکات، بانگەشە بۆ لێکدانەوەی نوێ بۆ ئەو یاسایە دەکات، مەرجی ئەوە دەدات یاریزانێک لە ئۆفساید بێت ئەگەر تەواوی جەستەی لە پێش دوا بەرگریکار بێت.

ئەمەش پێچەوانەی یاسای ئێستایە کە رێگە بە ئۆفساید دەدات تەنانەت ئەگەر هێرشبەرێک تەنیا یەک ملیمەتر لە پێش دوا بەرگریکارەوە بێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە کردووە، پێشنیازی ڤینگەر لە کۆبوونەوەی ساڵانەی IFAB لە 20ی مانگی داهاتوو لە لەندەن تاوتوێ دەکرێت، دواتر پێدەچێت لە کۆبوونەوەی گشتی رێکخراوەکە لە وێڵز لە مانگی شوباتیشدا مشتومڕی لەسەر بکرێت.

بە گوێرەی رادیۆ مۆنتی كارلۆ، ئەگەر پێشنیازەکە لە مانگی شوباتدا ئەم قۆناغە سەرەتاییە تێپەڕێت، پێدەچێت بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی لە وەرزی 2026-2027ی تۆپی پێدا.

جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا ئەم ئاراستەیەی پشتڕاستکردەوە لە میانی لوتکەی وەرزشی جیهانی کە ئەم هەفتەیە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت و وتی: ئێمە لێکۆڵینەوە لە یاسای ئۆفساید دەکەین کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو پەرەی سەندووە.

وتیشی، ئێستا دەبێت هێرشبەر لە پشت بەرگریکارەوە بێت، یان لە هەمان ئاستدا، لە داهاتوودا رەنگە پێویست بکات هێرشبەر راستەوخۆ لەبەردەم بەرگریکاردا بێت بۆ ئەوەی بە ئۆفساید هەژمار بکرێت.

ئەم رێوشوێنە پێشتر لە ساڵی 2023 لە پاڵەوانیەتییەکانی لاوان لە ئیتالیا و سوێد تاقیکرایەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم گۆڕانکارییە تا چەند لەگەڵ بارودۆخی تۆپی پێی جیهانی راستەقینەدا دەگونجێت، پێدەچێت ئەم تاقیکردنەوە بڕیاردەرانی لە دەستە بەڕێوەبەرایەتییەکان قەناعەت پێکردبێت.

ئۆفساید

ئۆفساید" گۆڕا و فیفاش ره‌زامه‌ندیی دا