فەرهاد ئەتروشی
گەڕی سێیەمی دەنگدان
فەرهاد ئەتروشی بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 30.12.2025 لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامدرا، كە گەڕی سێیەمی دەنگدان بوو بۆ پۆستەكە، تێیدا فەرهاد ئەتروشی توانی دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنێت و پۆستەكە وەربگرێ.
دوێنێ لە دوو گەڕدا هەریەكە لە رێبوار كەریم لە بەرەی هەڵوێست و شاخەوان عەبدوڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان نەیانتوانی دەنگی زۆرینەی یەكلاكەرەوە بەدەست بهێنن، ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوەچوو، ئەمەش دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدەكەی گۆڕی و لە بری د.شاخەوان عەبدوڵا، فەرهاد ئەتروشی كاندید كرد بۆ پۆستەكە و توانی پۆستەكە مسۆگەر بكات.
فەرهاد ئەتروشی توانی 178 دەنگ بەدەست بهێنێت و ببێتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ خولی شەشەم، لە بەرامبەردا رێبوار كەریم لە بەرەی هەڵوێست، كە ركابەری بۆ پۆستەكە دەكرد، ئەمجارە 104 دەنگی بەدەستهێنا.
فەرهاد ئەتروشی خەڵكی شاری دهۆكە و پارێزگاری پێشووی شارەكە بوو.
دوێنێ هەر لە پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردن بۆ سەرۆك و جێگری یەكەمی سەرۆك ئەنجامدرا و هەریەكە لە هەیبەت حەلبوسی بە سەرۆك و عەدنان فەیحان بە جێگری یەكەمی سەرۆك هەڵبژێردران.
فەرهاد ئەتروشی كێیە؟
فەرهاد ئەمین سەلیم ئەتروشی، لە 2.1.1976 لەدایكبووە، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
لە 2014 تا 2020 پارێزگاری دهۆك بووە.
ئەتروشی دەرچووی زانکۆی ئیسلامی نێودەوڵەتیی مالیزیایە و لەوێ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2004 تا 2006 وەک جێگری سەرۆکی بەشی یاسا لە زانکۆی نەورۆز لە دهۆک، پاشان وەک مامۆستا لە فاکەڵتی یاسا و سیاسەت لە زانکۆی دهۆک لە ساڵی 2006 تا 2010 كاری كردووە، دواتر بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە ساڵی 2010 تا 2014 لە لیژنەی نەوت و گازدا بووە.