پارێزەری کەیسەکە دوای بڕیاری لە سێدارەدانی تۆمەتبارێک؛
“هێشتا تۆمەتبارانی جینۆسایدی بارزانییەکان ماون دادگایی بکرێن و سزا وەربگرن”
964+
فەرهاد حەسەن
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە شاری بەغداد، سزای لە سێدارەدانی بۆ تۆمەتبارێکی کەیسی جینۆسایدی بارزانییەکان دەرکرد و پاریزاری کەیسەکەش دەڵێت “هێشتا ماوە تۆمەتبارەکانی دیکەش دادگایی بکرێن”.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم، دادگایی کردنەکە دوێنێ یەکشەممە بە ئامادەبوونی شەش کەس لە شایەتحاڵەکان، لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەڕێوەچووە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ یەکێک لە تۆمەتبارانی جینۆسایدی بارزانییەکان بەناوی (شاکر تەها یحیی الدوري) کە پلەی دەربازی لیوا بوو، دەرچوو.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەیسەکە بە 964ـى راگەیاند، دانیشتنی دادگاکە تایبەت بوو و دوو تۆمەتبار بە پلەی لیوا بە ناوەکانی (شاکر تەها یحیی غفور الدوري) و (سەعدون صبري جمیل القیسي) لە دادگەکە ئامادەکران، کە هەردووکیان تۆمەتبار بوون بە بەشداری لە کەیسی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بارزانییەکاندا.
وتیشی “ئەو تاوانبارەی سزای لەسطدارەدانی بۆ دەرچوو دانپێدانانی هەبوو کە نزیکەی 20 هاوڵاتی بارزانی بردووەتە شاری ئەنبار و لەوێشەوە بۆ فەلوجە و سەقڵاوییە و ئینجا لە بیابانی شەیحا زیندەبەچاڵی کردوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا تۆمەتباری دیکە بۆ کەیسی جینۆ سایدی بارزانییەکان ماوە دادگایی بکرێن بەڵام چاوەڕێن دادگا ئامادەیان بکات.
ئەوەشی روونکردەوە، کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سزای لەسێدارەدانەکەی بە پێی مادەکانی 12 و 15ـی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی ژمارە 10ـی ساڵی 2005 و ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 بووە، هەروەها دادگا برياری ئازادكردنی بۆ سەعدون صەبرن جەميل قەیسی دەركرد، بەهۆی نەبوونی بەڵگە دژی تۆمەتبار.