شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران رۆژی هەینی دەستپێدەکات – وێنە؛ ئەرشیفی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەی و پاراستنی رێگاوبانی سۆران
"سپی پۆش دەبێت"
حاجی ئۆمەران ساردترینە و ئەم ئێوارەیە وادەی بەفرەکەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
تەنیا لە حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ کەشە ساردەکە حەوت پلە ژێر سفرە، سلێمانی و بازیان حاڵیان باشترە و یەک پلە ژێر سفرن، وا پێشینی دەکرێ ئەم ئێوارەیە کەشەکە باشتر سارد بکات و بەفر بگات بە سەنتەری ژمارەیەک شار.
کەشناسیش ورد باسی کردووە، پلەی گەرمی شارەکان چۆنە و زۆرینەیان ژێر سفرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 29.12.2025، پشتیوان پێنجوێنی شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، مەودای ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ بەرەبەیانی سبەینێ رۆژی سێشەممە، ئاسمان زیاتر هەوراوی دەبێت، لە قەزای پێنجوێن و تەواوی گوندەکانی دەوروبەری و ناو سەنتەری شاری سلێمانی و چیای ئەزمەڕ و گۆیژە ناوبەناو بەفر دەبارێت.
بە گوێرەی پێشبنییەکان، ئەو بەفربارینە دەگات بە ناوچەکانی قەزای سەیدسایەق و ناحیەی عەربەت و دەوروبەری سلێمانی، لەبارەی قەزای چەمچەماڵ ئەو شارەزای کەشناسییە دەڵێ، لە قەزای چەمچەماڵیش ئەگەری بەفر بارین هەیە، شاری سلێمانی و دەوروبەری تەواو سپی پۆش دەبێت و بەفری باش دەبارێت.
هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ بەردەوامی و مانەوەی بارستە هەوا ساردەکە لەسەر ناوچەکان بەفربارین دادەبەزێت بۆ شاری دهۆک و نزیک شاری هەولێر لە بەشێکی باکوری گەرمیان پلەکانی گەرما شەوانە بۆ ناوچە سنوریەکان دەچێتە 16- بۆ 20- پلە لە ژێر سفر.
ئەوە لە حاڵێکدا، کەشناسی هەرێمی کوردستان ئەم بەیانییە 29.12.2025، باسی لە کەشی زستانە و پلەی گەرمی ناوچەکان کردووە و دەڵێ، ئەمڕۆ حاجی ئۆمەرانی حەوت پلە ژێر سفر دەبێ، وە ناوچەکانی چۆمان و هەڵشۆ پێنج پلە و بامەڕنێ چوار پلە، وە مێرگەسور، ئامێدی و پیرمام سێ پلە ژێر سفر دەبن.
هەروەها، سۆران و مانگێش دوو پلە و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و وە قەزای بازیان بە تایبەتی، یەک پلە لە ژێر سفرەوە دەبن.