دادگای کەرخ لە بەغدا - وێنە: 964
لە دادگای تاوانەکان
یەکێک لە تاوانبارانی ئەنفال بە لەسێدارەدان سزادرا
964+
ئەحمەد مستەفا
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ شاکر تەها ئەلدووری، یەکێک لە تۆمەتبارانی ئەنفالی بارزانییەکان دەرکرد. هەروەها سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر سەعدون سەبری جەمیل جومعە ئەلقەیسی، تاوانبارێکی دیکەی هەمان کەیس سەپێندرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28.12.202025، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دوو ئەفسەری پێشووی ڕرێمی بەعسی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان دادگایی کرد.
دادگاکە، شاکر ئەلدورییان بە تاوانی بەشداریکردن لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بارزانییەکان و فڕێدانیان بۆ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی فەلوجە “سەقلاویە”، کە وەک تاوانی جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتی ناسێنراوە، بە سزای لەسێدارەدان بە شێوەی خنکاندن تا مردن سزا دا.
ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ماددەکانی 12 و 15ی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە 10ی ساڵی 2005 و ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 دەرچووە.
هەروەها سەعدون ئەلقەیسی، تاوانبارێکی دیکە، بە هەمان ماددە یاساییەکان سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر سەپێندرا و بڕیاردرا دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ئازاد نەکرێت، چونکە لە کەیسێکی دیکەشدا سزادراوە، دادگا ڕایگەیاند کە دۆسیەی سزادراو بە لەسێدارەدان لە ماوەی 10 رۆژدا رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی دەکرێت و هەردوو سزادراو مافی تانەدان لە بڕیارەکە لە ماوەی 30 رۆژدا هەیە.