بەهیچ شێوەیەک مەڕۆنە ئیدارەکە
بەفربارین رێگەکانی ئیدارەی سۆرانی داخست
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هۆشداریی توند دەداتە هاوڵاتییان و گەشتیاران كە بەهیچ شێوەیەك روو لە ناوچە شاخاوی و گەشتیارییەکانی ئیدارەکە نەكەن، بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە زۆربەی رێگە سەرەكی و لاوەكییەكانی سنوورەكە داخراون یان هاتوچۆ تێیاندا زۆر ئەستەم بووە.
پەیامنێری 964 دەڵێت، لە بەیانیی ئەمڕۆوە رێگەی نێوان چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران و لۆفەكانی ئازادی بەهۆی بەفر و سەهۆڵبەندانەوە داخراون، هەروەها رێگاکانی زینی وەرتێ، سۆران – سیدەكان و سۆران – مێرگەسۆر ئاستەنگی زۆریان تێدا دروستبووە، لە سنووری سیدەكانیش حەوت كەس لەنێو بەفردا گیریان خواردووە و تیمەكان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ رزگاركردنیان.
ئیدارەی سۆران و تیمەكانی هاتوچۆ داوا لە شۆفێران دەكەن بۆ كاری زۆر پێویست نەبێ نەیەنە دەرەوە، بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە زنجیریان پێ نییە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بە رێگەدا بڕۆن، لە ئێستادا هاتوچۆی نێوان ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی بەهۆی داخرانی رێگەی زینی وەرتێ و رێگەی بالیسان بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە بەتەواوی پەكی كەوتووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر