ئیدارەی شارەکە سەرجەم داواکارییەکانی رابردووی بڵاوکردەوە

نزیکەی نۆ ساڵە گرفتە تەندروستیەکانی دەربەندیخان چارەسەر نەکراون

964+

توانا نەقی

لە ساڵی 2017ـەوە و دوای بومەلەرزە بەهیزەکە کە زیانی زۆری بەر کەرتی تەندروستی دەربەندیخان گەیاند هیچ نۆژەنکردنەوە و پرۆژەیەکی تەندروستی بۆ ئەو قەزایە نەکراوە، قایمقامیش دەڵێت، فەرموون ئەوە سەرجەم ئەو نوسراوانەیە کە داوایان کردووە و وەڵام نەدراونەتەوە.

بە قسەی ئیدارەی شارەکە لەو کاتەوە پزیشکی پسپۆڕ بۆ شارەکە دابین نەکراوە و نەشتەرگەری تێدا ئەنجام نادرێت، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی لەسەر شانی هاوڵاتیان دروست کردووە.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئەو نوسراوانەی کە بەتایبەت لە ساڵی 2022 بەرزمان کردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگا و وەزارەتی تەندروستی ئیتر کاتی ئەوە بوو بڵاویبکەینەوە و هەموو خەڵک بزانێت کە هیچیان بۆ کەرتی تەندروستی نەکردووە.

وتیشی، جگە لە نۆکەنکردنەوەکان کە نەکراوە چەندین جار داوای دکتۆرێکی بایلۆجییان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کوڕ و کچانەی زەواج دەکەن بۆ پشکنینێک نەچنە کەلار و سلێمانی ئەوەیش هیچ، داوای ئامێری ششتنی گورچیلە و ئامێری سیتی سکانیان کردووە کەچی هەر وەڵام نەدراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ​لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا، ئێستا رەزامەندی وەزیری دارایی و وەزیری تەندروستی وەرگیراوە بۆ چاککردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشکان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێگیر بکەن و لە ئێستادا لە قۆناغی تەندەریندان لە پارێزگای سلێمانی.

“هەوڵەکانمان بەردەوامی پێدەدەین بۆ ​دابینکردنی پزیشکی پسپۆڕ، ​نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری، ​تەواوکردنی بینای مەڵبەندی تەندروستی شەهید حەمید و ​پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی، قایمقمای دەربەندیخان وای وت.

ئەمە بەشێکە لەو داواکاری و نوسراوانەی قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە تەندروستییەکانی قەزاکە: