كەركوک

هەندێک لە ماڵەكانی گەڕەكی شۆراو لە ترسی لافاو ماڵەكانیان چۆڵ دەكەن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

چەند كۆڵانێكی گەڕەكی شۆراو لە كەركوک، كێشەی ئاوەڕۆ و كارەبایان هەیە، دانیشتوویەكی گەڕەكەكەش دەڵێت، هەندێک لە ماڵان كاتی بارانی بەخوڕ لە ترسی لافاو ماڵەكانیان چۆڵ دەكەن.

ساڵانە لە وەرزی زستان بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شۆراو، بە دیاریکراوی ماڵەکانی پشتی کۆلیژی کشتوکاڵ بەهۆی نەبوونی میحاویلەی كارەبا، کێشەی کەمیی ڤۆڵتیی کارەبا و هەروەها كێشەی ئاوەڕۆیان هەیە ، بەشێک لەماڵەکان لە وەرزی زستان و باران لە ترسی لافاو ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن.

بەختیار محەمەد دانیشتووی گەڕەکی شۆراوە و ئەمڕۆ شەممە بە 964ـی وت، “نووسراومان کردووە بۆ محاویلە، بەڵام بێ سوود بووە، کارەبا تا دەگاتە ماڵەوە ڤۆڵتیەی دادەبەزێت و ناچار بە ئامێری ڤۆڵتاج کارەباکە بەرزدەکەینەوە، هەروەها بڕیار بوو بۆ مزگەوتەکە محاولەیەک بهێنن، بەڵام ئەوەش نەکراوە، مزگەوت بە زۆپا گەرم دەكرێتەوە”.

وتیشی، “ئاوەڕۆی گەڕەکەكە دەبێت بە رێگای زێرابی سندوقی بڕوات، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی بەڵێندەرەکان و حکومەتەوە بەشێکی لە کاتی باران بەرزدەبێتەوە بۆ ناو ماڵان، هەندێک لە ماڵەكان لە کاتی باراندا چۆڵی دەكەن”.

شڤان عەبدولڕەحمان یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی شۆراو، بە ‌964ـی وت،‌ “کۆڵانەکەمان 110مەترە، تا ئێستا کۆنکریت نەکراوە، لە کاتێکدا ئاوەڕۆ و لاینی ئاوی بۆ داندراوە، چەندین جار تێکەڵەمان تێدا کردووە، بەڵام لەگەڵ باران دەڕوات”.

سەبارەت بەم كێشانەی گەڕەكی شۆراو، كە كوردنیشنن، سەرچاوەیەک لە بەشی زیادەڕۆیی کەرکوک بە 964ـی وت، زۆربەی بازرگانەکانی زەوی، زەوی بە هاوڵاتیانی گەڕەكەكە دەفرۆشن بەبێ ئەوەی ئاوەڕۆ و کارەبای بۆ راکێشرێت، تەنیا زەوییەکە چیمەنتۆ دەکرێت، كارەكانی ئەو شوێنانە بە ئەندازەیی نەکراوە و خزمەتگوزاریشی نییە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە گەڕەکی شۆراو ئاو چووەتە ناو چەندین ماڵەوە

لە گەڕەکی شۆراو ئاو چووەتە ناو چەندین ماڵەوە