تەمێکی چڕ ئاستی بینینی بۆ چەند مەترێک کەمکردووەتەوە
هاتوچۆی سلێمانی: بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت مەچنە دەرەوەی شار
964+
ژێوار خدر
شۆفێرانی سلێمانی بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت رێگەکانی دەرەوەی شار بەکارمەهێنن، چونکە تەمێکی زۆر هەیە و لە چەندین شوێندا ئاستی بینین تەنیا بۆ چەند مەترێک کەمبووەتەوە و مەترسیی رووداوی هاتوچۆی لێدەکرێت.
هاتوچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرماو دروستبوونی تەمێکی زۆر لەشاری سلێمانی و دەوروبەری و کەمبونەوەی ئاستی بینین، پابەندی یاساو رێنماییەکانی هاتوچۆ بن، خێرایی ئۆتۆمبێلەکان کەمبکەنەوە، گرنگی بدەن بەلایتی ئۆتۆمبێلەکان، بەتایبەت لایتی تەم بەکاربهێنن و بەدووربن لەبەکارهێنانی لایتی بەرز (فوول لایت)، ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان ئیش ناکات، نەهێندرێنە سەر شەقام، تاوەکو بەدووربن لە رووداوی هاتوچۆ.
داواش لەشۆفێران دەکات، بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت سەردانی رێگەکانی دەرەوەی شار نەکەن، چونکە لەچەندین شوێندا تەم هەیەو ئاستی بینین بۆ چەند مەترێک کەمبووەتەوە.