بۆڕی گواستنەوەی نەوت
داهات كەمی كردووە
عێراق لە مانگی 11 بایی 6.5 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داهاتی لە هەناردەکردنی نەوتدا بەدەستهێناوە.
وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، “وەزارەتی نەوت کۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی راگەیاند، بەپێی ئامارێک کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڵاویکردووەتەوە، كە بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو، گەیشتە 106,593,352 بەرمیل، داهاتەکەشی زیاتر لە 6,595,391,000 دۆلارە”.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، “کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەم لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی (98) ملیۆن و (709) هەزار و (795) بەرمیل بووە، هاوکات بڕی هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بڕی (7) ملیۆن و (583) هەزار، و (733) بەرمیل بووە، هەناردەکراویش بۆ ئوردن بڕی (299) هەزار، و (824) بەرمیل بووە”.
ئەم داهاتە سەبارەت بە مانگی پێشوو “مانگی 10” كەمترە و عێراق لە مانگی 10دا بایی 7.030 مليار دولار نەوتی فرۆشتبوو، كەواتە داهاتەكە بۆ مانگی 11 بڕی 435 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە.