دیمەنێکی ئەو ئۆتۆمبێلەی لە نزیک گوندی بیرکێ وەرگەڕا – وێنە؛ 964
لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت
“ئەو کارمەندانەی بەدەم بریندارانی رووداوی هاتوچۆکەوە نەچوون، کەمتەرخەم بوون”
964+
شۆڕش قادری
ئەو کارمەندانەی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان کە بەدەم بریندارانی رووداوی هاتوچۆکەی نزیک گوندی بیرکێـوە نەچوون، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.12.2025 ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم لە نزیک گوندی بیرکێ سەربە قەزای دەربەندیخان کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا، ئۆتۆمبێڵەکە شۆفێر و سەرنشینێکی تێدابوو کە هەردووکیان بەنەتەوە عەرەب بوون و برینداربوون، دواتر بۆ گواستنەوەی بریندارەکان پەیوەندی کراوە بە کارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان، بەڵام ئامادەنەبووون بچن و هەربۆیە لە زەڕایەنەوە ئامبوڵانس چووە و بریندارەکانی گەیاندووەتە نەخۆشخانە.
ئیدارەی نەخۆشخانەی گشتی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “ئەمڕۆ لەلایەن سەنتەری فریاگوزاری خێرای سلێمانیەوە ئاگادارکراینەوە بە بوونی رووداوێکی هاتوچۆ و داوای ئەمبولانس کرا بۆ گواستنەوەی بریندارەکان، بەڵام بەبیانووی خەرجنەکردنی دەرماڵەی فریاگوزاری خێرا، کارمەندانی ئێشکگری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید تۆفیق ئامادە نەبوون لەگەڵ ئەمبوڵانسەکە بچن”.
“ئەگەرچی ئەو دەرماڵەیە مافێکی شایستەی کارمەندانی فریاکەوتنە، بەڵام نابێت بکرێتە بیانوو لەسەر مەترسی ژیانی هاوڵاتیان، تا ئەوکاتەی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەرئەچێت، بۆیە هەموو رێکارێکی ئیداری و یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەر هەر کارمەند و فەرمانبەرێکی کەمتەرخەم”، کاربەدەستدانی نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق وادەڵێن.