چەند چەكدارێكی بیانی لە ریزی سوپای ئۆكرانیا. فۆتۆ: ئاژانسەكان
ئەنجومەنی باڵای دادوەری
هەر عێراقییەك ببێتە چەكداری وڵاتێكی تر دەستگیر دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادوەر فایق زێدان، ئەمڕۆ چوارشەممە دووپاتیکردەوە کە یاسای سزادانی عێراقی، سزای زیندانیکردنی بۆ هەرکەسێک داناوە کە پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتێکی دیکەوە بکات.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 24.12.2025 بڵاویكردەوە، “سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زێدان، پێشوازی لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەلعەرەجی کرد، لەگەڵ ئەو لیژنەیەی کە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی دامەزراندنی عێراقییەکان بۆ شەڕکردن لە رووسیا دایمەزراندووە”.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی عێراقییەکان کراوە کە بەشدارن لە شەڕە بەردەوامەکانی رووسیا و ئۆکرانیا”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دادوەر زێدان روونیکردۆتەوە کە “یاسای عێراق سزای زیندانیکردنی بۆ هەرکەسێک دیاریکردووە، کە بچێتە ناو هێزە چەکدارەکانی وڵاتێکی ترەوە بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق”.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لەم دواییانەدا بڵاوبوونەتەوە، بە دەیان عێراقی لە ریزی سوپاكانی رووسیا و ئۆكرانیا ناونووس كراون و بە موچەیەكی باش شەڕ بۆ ئەو وڵاتانە دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش چەند گەنجێك هەواڵی ئەوەیان بە كەسوكاریان گەیشتووە، كە لەو دوو وڵاتە شەڕ دەكەن.