لە وڵاتی ئوسترالیاوە
دوو شاجوانی کوردستان پێداویستی نەخۆشخانەیەکی تەواویان گەیاندە هەڵەبجە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دوو شاجوانی کوردستان کە خەڵکی رانیەن و دانیشتووی وڵاتی ئوسترالیان، پێداویستی نەخۆشخانەیەکی تەواویان گەیاندە دەست بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لە ئێستادا پێداویستیەکان لە نەخۆشخانەی گشتی هەورامانن لە بیارە.
سنوور حامید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، بە سوپاسەوە هەردوو خاتوونی کورد شێنێ ئاکۆ، و نینا موراد، کە دانیشتووی وڵاتی ئوسترالیان، توانیویانە پێداویستی نەخۆشخانەیەکی تەواو بگەیەننە دەستمان، کە خۆی دەبینێتەوە لە ( بێد، جلوبەرگ، کورسی، پێداویستی ژووری نەشتەرگەری، کۆمەڵێکی زۆر ئامێری گەورە و بچووک) بگەیەننە دەست بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و ئێمەش ئاسانکاریمان بۆ داخڵبوونی پێداویستیەکان کرد و توانیمان بێ باج بیانهێنینە ناو هەرێمی کوردستان”.
لای خۆشیەوە مەریوان وەهبی، نوێنەری سەنتەری تەندروستی نینا موراد بە 964ـی وت، سەنتەرەکەمان پێشتریش پێداویستی تەندرووستی گەیاندووەتە هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش، شێوازی دابەشکردنەکەشی بە جۆرێکە کە زۆرترین کەس سوودمەند ببێت لە پێداویستیەکان.
نینا موراد، شاجوانی نەتەوەکانی ئوسترالیا بوو بۆ ساڵی 2016ـەو شێنێ ئاکۆ، یەکەم شاجوانی کوردستان بوو لە ساڵی 2012، لە ئێستادا هەردووکیان دانیشتووی وڵاتی ئوسترالیان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی