هەڵکەندنی هەڕەمەکی شوێنەوارەکان ماوە
بەغدا قۆڵ و باسکی لە بازرگانانی شوێنەوار هەڵماڵیوە و سزای توندی بۆ دیاریکردوون
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی رۆشنبیری عێراق سزای توندی بۆ سەرپێچیکاران و بازرگانانی شوێنەوار دیاریکردووە و دەستی با چاودێریکردنیان کردووە لە هەر شوێنێک حاڵەتێکی نایاسایی ببینێت رووبەڕووی دادگایان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار، جوڵەی یاسایی و ئەمنی چڕی بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی کولتووری و شوێنەواری ئاشکرا کرد، کە لەمەودوا سزای یاسایی توند بۆ سەرپێچیکاران و بازرگاناندیریکردووە.
ئەحمەد کەریم عەلیاوی، وتەبێژی وەزارەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، یاسای شوێنەوار و کەلەپوور سزای توند بۆ ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی کولتووری یان بازرگانییان پێوە دەکات.
دەشڵێت “پاسەوانییەکی توند بۆ شوێنەوارەکان دابینکراوە و بەدواداچوونی ئەمنی بەردەوام هەیە بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی قاچاخچێتی، لەوانەش راوەدوونانی ئەو ریکلامە گوماناویانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە.”
ئەەشی روونکردەوە، کە کێشەی هەڵکەندنی هەڕەمەکی شوێنەوارەکان هێشتا لە هەندێک ناوچەی دوورەدەستدا ماوە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان لە رووی ئەمنییەوە بەردەوامە، داواشی لە هاوڵاتیان کرد “هاوکار بن و هەر حاڵەتێکی گوماناویان بینی ئاگادارمان بکەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشی گەڕاندنەوەی یاسایی لە دەستەی شوێنەوار بەدواداچوون بۆ هەر پارچەیەک دەکات کە لە وڵات دەچێتە دەرەوە و هەڵمەتە گەورەکەی گەڕاندنەوە سێ ساڵ لەمەوبەریش بووە هۆی گەڕاندنەوەی نزیکەی 38 هەزار پارچە شوێنەوار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کارە لەپێشینە ستراتیژییەکانی وەزارەتە بۆ پاراستنی کەلەپووری نیشتمانی.