كێشە بۆ وەستا و خاوەن خانوو دروست بووە
فووتە و تەرازووی بێ كوالێتی و خوار و هەڵە لە بازاڕی كوردستانن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
وەستایەكی كاری كاشی و مەڕمەڕ لە هەولێر دەڵێت، فوتەی پێوانەكردن هەموویان وەك نین و ئێستا فوتەی وا لە بازاڕ هەیە، ژمارە و پێوانەیان جیاوازە، ئەمەش كێشەی بۆ وەستا و كرێكارەكان دروست كردووە و جار هەیە دەمەقاڵییش دروست دەبێت.
وەستا سەرباز رەحمان بە 964ی وت، “فووتەم لۆ هاتییە لە ژمارە پێنجەوە دەستپێدەكات، هەیانە بە ژمارە سێ دەستپێدەكات”.
باسی ئەوەش دەكات، بەهۆی جۆراوجۆریی فووتەكان لە نێوان وەستا و كرێكارەكان و هەروەها خاوەن خانوو و ئەو شوێنانەی ئیشی تێدا دەكەن، كێشە دروست دەبێت.
“فووتەی خراپ و بێ كوالێتی دێتە كوردستان و پێویستە كوالێتی كۆنتڕۆڵ رێگە نەدات ئەو جۆرە فووتانە بهێندرێنە كوردستان”، وەستا سەرباز وای وت.
هەروەها دەڵێت تەرازوو “میزان” هەیە هەر لە بیلادییەوە و چاوەكانی خوار و ناهاوسەنگن.
داواشی كرد بازرگانەكان فووتە و تەرازووی باش و بەكوالێتی بهێننە بازاڕی كوردستان و ویژدانی خۆیشیان ئاسوودەبكەن، ئەگەر نرخی زیاتر بێت كێشە نییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا