میران بەكر
"زەنگێكی مەترسیدارە"
داوای لێكۆڵینەوە لە رفاندنی رۆژنامەنووسێكی هەولێر دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێکخراوی پەیامنێران داوای لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رفاندنی رۆژنامەنووس میران بەکر دەکا، كە شەوی رابردوو لە هەولێر رفێندراوە و دواتر ئازاد كراوە.
رێكخراوەكە لەمبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بەداخەوە جارێکیتر لە درەنگانی شەودا هێزێکی ئەمنی و هەمەجی، کاتژمێر یازدە و نیوی شەو، لە نزیک مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک لە هەولێر، هەڵدەکوتنە سەر ڕۆژنامەنووس “میران بەکر” و دوای ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و بردنی کەلوپەلەکانی نێو ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنێکی نزیک هەولێر فڕێدەدرێت.
ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان و داکۆکیی لە مافی پەیامنێران داوای لێژنەیەکی بەپەلە لە وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و بە توندیش ئیدانەی ئەو کارە نەخوازاراوە دەکەین. ئەم رووداوە بە زەنگێکی مەترسیدارە دەزانین و
داواکاریشین ئەنجامدەرانی ئەو کارە قێزەوەنە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و ئەنجامەکەشی بۆ خەڵک و میدیاکان ڕوون و ئاشکرا بکرێت و جارێکیتر ڕێگە نەدەن حاڵەتی لەمشێوەیە دەرحەق بە ڕۆژنامەنووسانمان لە سنووری هەرێمی کوردستان دووبارە بێتەوە.
رێکخراوی پەیامنێران
میران بەكر پێشتر سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە بووە و لە سۆشیال میدیای خۆی رایگەیاندووە، شەوی رابردوو لەلایەن هێزێكەوە لە نزیك مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر، رفاندوویانە و توورەگەی رەشیان لەسەركردووە و كەلوپەلەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكەیان بردووە و هەروەها لێیان داوە، دواتر لە شوێنێك ئازادیان كردووە و پێیان وتووە هەڵەیان كردووە.