قەرەبووەکە چۆنە؟

زیانی 651 ئۆتۆمبێل لە لافاوەکەی چەمچەماڵ تۆمارکرا

964+

ئەحمەد مستەفا

بەگوێرەی ئاماری هاتوچۆی چەمچەماڵ، لە لافاوەکەی چەمچەماڵدا، 651 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا 7,789,783,298 دینار و 2,212,650 دۆلار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکان بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە.

بە گوێرەی قسەکانی عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ بێت بۆ نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندن، لیژنەیەکی پسپۆڕ لە بەڕاد و ئەفسەرانی شارەزای هاتوچۆ لە سلێمانییەوە سەردانی چەمچەماڵیان کردووە بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی لافاوی ئۆتۆمبێلەکان.

ئەو لیژنەیە لە ماوەی سێ رۆژدا توانیوویەتی 651 ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو تۆمار بکات، زیانەکان جیاواز بوون، بە نموونە زیانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەر تا 20 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلی دیکەی وەک ئۆپڵی بێسەرەتا کە نرخی خۆی سێ ملیۆن دینارە.

ئەوە لە کاتێکدا، کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، بۆ یەکەم جار ماڵپەڕێکی بەناوی “هاوکاریی کوردانە” خستووەکار، بە گوێرەی ئەو داتایانەی لە ماڵپەڕەکە بڵاوکراونەتەوە، تاوەکو ئێستا 7,789,783,298 دینار و 2,212,650 دۆلار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکان بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە.

کۆمسیۆنەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ماڵپەڕی (Hawkary Kurdana) بە ئامانجی پەیڕەوکردنی ئەوپەڕی شەفافیەت کارا کراوە و 24 کاتژمێر بەردەستە، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە روونی کردووەتەوە، لەمەودوا میدیاکان و هاوڵاتیان دەتوانن “سات بە سات” ئاگاداری چوونی هەر بڕە پارەیەک بن کە دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی کۆمیسیۆنەکە لە هەردوو بانکی (چەرموو) و (جیهان).

هەشت باخچەی چەمچەماڵ لافاو زیانی پێگەیاندوون

هەشت باخچەی چەمچەماڵ لافاو زیانی پێگەیاندوون