دوکاندار نابێت لەبەردەم دوکانەکەی ئۆتۆمبێلەکەى بوەستێنێت

هاتوچۆى قەڵادزێ هۆشدارى دەدات؛ لەبارەى وەستانى ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕ

964+

وریا فەتاح

بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ رێکخستنی شەقامەکان دەرکرد و هۆشداری دەداتە دایک و باوکان لەبارەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە منداڵەکانیان، جەختیش دەکاتەوە هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

بەپێی ئاگادارییەکەی هاتوچۆی قەڵادزێ، بڕیارەکان بەم شێوەیەن:

1.  وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەرجەم شەقامەکانی ناوشاردا دەبێت “کاتی” بێت، واتە شۆفێر دەبێت فلاشەر (چواری) دابگیرسێنێت تا تەواوبوونی کارەکەی، بەپێچەوانەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت.

2.  بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە دوکاندارەکان ئۆتۆمبێل لەبەردەم دوکانەکانی خۆیان رابگرن، هەروەها وەستانی “جووت ساید” لەسەرجەم شەقامەکان قەدەغە کرا.

3.  رێکاری توند دەگیرێتەبەر دژی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆیان هەڵنەواسیوە یان جامەکانیان رەش کردووە.

4.  دایک و باوکان ئاگادار دەکرێنەوە بەهیچ جۆرێک ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل نەدەنە دەست منداڵەکانیان کە مۆڵەتیان نییە، بەتایبەت لەبەردەم خوێندنگەکان، ئەگەرنا دایک و باوکەکە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.

5.  وەستانی ئۆتۆمبێل، ماتۆڕسکیل و پاسکیل لە دەستەڕاستی شەقامەکان یان لەناو مەخروتی دەستەڕاستەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

6.  کاسبکاران دەبێت پابەندی ئەو کات و شوێنانە بن کە کارمەندانی هاتووچۆ بۆیان دیاری دەکەن، بۆ ئەوەی نەبنە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ.

ناوبازاڕى قەڵادزێ لە تابلۆى ریکلامەکان پاکدەکرێتەوە

ناوبازاڕى قەڵادزێ لە تابلۆى ریکلامەکان پاکدەکرێتەوە