ئامار و داتا

964 پێتان دەڵێت لە 10 رۆژدا چەند ئاو چووەتە بەنداوەکانەوە

964+

وریا فەتاح

بەپێى ئەو داتا و ئامارانەى 964 لەلایەنە فەرمییەکانى دەستى کەوتووە، شەپۆلى بارانەکەى چەند رۆژى رابردوو، کاریگەرییەکى گەورەى ئەرێنى لەسەر بەنداوەکان هەبووە، لە مەترسى رزگارى کردوون، جگە لەمانەش بووەتە هۆى دووبارە بەرهەمهێنانەوەى کارەبا لە بەنداوى دوکان.

شەپۆلى بارانبارینەکە لە دواى 8.12.2025ـەوە، کاریگەرییەکەى لەسەر بەنداوەکان دەرکەوت، تا ئەمڕۆ کە 17ـى مانگە، داتا و ئامارەکان پێمان دەڵێن، لەماوە ئەو 10 رۆژەدا، بەنداوەکان بوژاونەتەوە.

لێرەدا بە ئامار و داتا، پێتان دەڵێین، دۆخى بەنداوەکان پێش شەپۆلى بارانەکە (8.12.2025) و دواى شەپۆلى بارانەکە(17.12.2025)، چ کاریگەرییەکى لەسەر بەنداوەکان هەبووە.

1. بەنداوی دوکان

“ژیانەوە و دەستپێکردنەوەی کارەبا”

بەنداوی دوکان کە 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، زۆرترین سوودی لەم شەپۆلە وەرگرتووە لەڕووی داهاتی ئاو و بەرزبوونەوەی ئاستەکەی، کە بووەتە هۆی ئەوەی یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا کار پێ بکاتەوە.

ئاستی ئاو (Water Level):
رۆژی 8ـی مانگ: 477.51 مەتر بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 479.18 مەترە.
گۆڕانکاری: ئاستی ئاو 1.67 مەتر (مەترێک و 67 سانتیمەتر) بەرزبووەتەوە.
قەبارەی ئاوی عەمبارکراو (Storage):
رۆژی 8ـی مانگ: 0.9653 ملیار مەتر سێجا بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 1.0878 ملیار مەتر سێجا (واتە ملیارێكی تێپەڕاند).
گۆڕانکاری: بڕی 0.1225 ملیار مەتر سێجا ئاو زیادی کردووە.
داهاتی ئاو (Inflow):
رۆژی 8ـی مانگ: 19 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 64 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دەڕژێتە بەنداوەکەوە.
گۆڕانکاری: داهات 45 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا زیادی کردووە (زیاتر لە سێ هێندە).
بەرهەمهێنانی کارەبا:
رۆژی 8ـی مانگ: 0 مێگاوات (وەستابوو).
رۆژی 17ـی مانگ: 8 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت.
گۆڕانکاری: وێستگەکە کەوتووەتەوە کار.
لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکارییە گەورانەدا، بۆشایى کۆگاکردنى ئاو لە بەنداوى دوکان 5 ملیار و 7 هەزار و 122 مەتر سێجایە.

رێژەی بارانبارین: لەم ماوەیەدا 234.8 ملم باران لە ناوچەی دوکان باریوە.
2. بەنداوی دەربەندیخان:

گەورەترین بەرزبوونەوەی ئاستى ئاو

بەنداوی دەربەندیخان کە 3 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، لەڕووی “مەتر”ـەوە زۆرترین ئاستی بەرزبووەتەوە بەراورد بە دوکان، بەهۆی ئەوەی رێژەی بارانبارینەکە لەو ناوچەیە زۆرتر بووە.

ئاستی ئاو (Water Level):
رۆژی 8ـی مانگ: 465.57 مەتر بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 468.78 مەترە.
گۆڕانکاری: ئاستی ئاو 3.21 مەتر (سێ مەتر و 21 سانتیمەتر) بەرزبووەتەوە.
قەبارەی ئاوی عەمبارکراو (Storage):
رۆژی 8ـی مانگ: 1.1592 ملیار مەتر سێجا بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 1.2666 ملیار مەتر سێجا.
گۆڕانکاری: بڕی 0.1074 ملیار مەتر سێجا ئاو زیادی کردووە.
داهاتی ئاو (Inflow):
رۆژی 8ـی مانگ: 17 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 55 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.
گۆڕانکاری: داهات 38 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا زیادی کردووە (سێ هێندە).
بەرهەمهێنانی کارەبا:
رۆژی 8ـی مانگ: 9 مێگاوات بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 12 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت.
گۆڕانکاری: بڕی 3 مێگاوات زیادی کردووە.
ڕێژەی بارانبارین: لەم ماوەیەدا بڕێکی زۆر باران بە بڕی 333 ملم لە ناوچەی دەربەندیخان باریوە.

3. بەنداوی دهۆک

کاریگەرییەکە لەسەر بەنداوی دهۆک کەمتر بووە بەراورد بە دووانەکەی تر، بەڵام دابەزینەکەی وەستاندووە و کەمێک ئاستەکەی بەرزکردووەتەوە.

ئاستی ئاو (Water Level):
رۆژی 8ـی مانگ: 604.98 مەتر بوو.
رۆژی 17ـی مانگ: 605.10 مەترە.
گۆڕانکاری: ئاستی ئاو 0.12 مەتر (12 سانتیمەتر) بەرزبووەتەوە.
ڕێژەی بارانبارین: لەم ماوەیەدا 140.6 ملم باران لە ناوچەی دهۆک باریوە.
شیکارى داتاکان:

1.  دوورکەوتنەوە لە مەترسى: هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان لە دۆخی دابەزینی بەردەوام رزگاریان بوو و ئاڕاستەی ئاستی ئاوەکەیان  بەرەو سەرەوە گۆڕا.

2.  کارەبا گەڕایەوە: گرنگترین گۆڕانکاری دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە بەنداوی دوکان بە بڕی 8 مێگاوات، دوای ئەوەی بەتەواوی وەستابوو.

3.  داهاتی ئاو: داهاتی ئاو بۆ ناو بەنداوەکان چەندین هێندە زیادی کردووە، وەک ئەوەى لە داتاکان روونکراوەتەوە.