بەفر و بەستەڵەكە
بەبێ زنجیر خۆت لە رێگای حاجی ئۆمەران مەدە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لەلایەک بەفر و لایەک بەستەڵەک رێگای حاجی ئۆمەرانیان داپۆشیوە، هەر چەندە رێگاکە پاککراوەتەوە بەڵام بەبێ زنجیر کەڵکی ئەوەی نییە هاتوچۆی پێدا بکەیت و ئیتر ئاگاداری خۆتان بن.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بە 964ـی وت، لە بەیانییەوە تیمەکانمان سەرقاڵی راماڵینی بەفرن لە رێگای حاجی ئۆمەران و بەردەوامیش خوێپڕژێنی رێگاکە دەکەین، نەمانهێشتوە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بێت.
وتیشی، هەم بەفربارین بەردەوامە و هەمیش بەهۆی نزمیی پلەکانی گەرماوە رێگاکان بوونەتە بەستەڵەک، بۆیە ئەوەی هاتوچۆ بەو رێگایەدا بکات، پێویستە زنجیر ببەستێت، بە جۆرێک بۆ ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسلیش رێگاکە گونجاو نییە بەبێ زنجیر.
لە شەوی رابردوەوە بەفربارین لە حاجی ئۆمەران بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی هەشت سانتیم بەفر باریوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا