"ئەوانەی پێشوو بەخشران"
دوو سەرۆک شارەوانی نوێ بۆ چەمچەماڵ و شۆڕش داندران
964+
فەرهاد حەسەن
هەردوو سەرۆک شارەوانییەکانى چەمچەماڵ و شۆڕش لە پۆستەکانیان بەخشران و لە جێگەیاندا دوو سەرۆک شارەوانی نوێ داندران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکى تایبەتدا بەسەرپەرشتى راستەوخۆى ئـەندازیار ئاسۆ شێرکۆ بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى، سەرۆک شارەوانییەکانى چەمچەماڵ و شۆڕش ئاڵوگۆڕ کران.
بە گوێرەى دوو فەرمانى جیاواز کە لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانییەوە دەرکراوە، ئارام نەجات فەیزوڵا سەرۆکى شارەوانى چەمچەماڵ لە پۆستەکەى بەخشرا و على رەووف نورى لە شوێنەکەى دەسبەکار بوو، هەروەها بورهان عەبدوڵا ئەمین سەرۆکى شارەوانى شۆڕش لە پۆستەکەى بەخشرا و هاوکار فاضل کاکەبرا، بە وەکالەت لە شوێنەکەى دەستبەکاربوو.
ئەم گۆڕانکاریکردنە لە هەردوو سەرۆکی شارەوانی دوای رووداوی لافاوەکەی رۆژی 9.12.2025 دێت کە لە چەمچەماڵ و سنوورەکەی روویدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی و زەرەرمەندبوونی سەدان هاوڵاتی.