پیرۆزە

 زاخۆ گەیشتنە لوتکەی جیهان؛ خەڵاتی “باشترین هاندەر”ـی فیفاى بردەوە

964+

وریا فەتاح

جەماوەری یانەی وەرزشی زاخۆ بە فەرمی بوونە براوەی خەڵاتی “فیفا فان” (FIFA Fan Award) بۆ ساڵی 2025، ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆییەی لە یاریگادا نواندیان.

ئەمڕۆ لە مەراسیمی خەڵاتەکانی (The Best)ـی فیفا، ناوی هاندەرانی زاخۆ وەک باشترین هاندەری جیهان راگەیەندرا، دوای ئەوەی توانیان کێبڕکێیەکە لە دوو بەربژێرەکەی دیکە ببەنەوە.

زاخۆ بۆچى دیاریکرا؟
رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 13ی ئایاری رابردوو، پێش دەستپێکردنی یاریی نێوان زاخۆ و یانەی حدود لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاندەرانی زاخۆ دیمەنێکی ناوازەیان تۆمارکرد و هەزاران “بووکەڵە و یاریی منداڵان”ـیان هەڵدایە ناو چیمەنی یاریگاوە. ئەو یارییانە کۆکرانەوە و بەخشران بەو منداڵانەی کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

فیفا چی دەڵێت؟
بەگوێرەی راگەیەندراوی فیفا، ئەم خەڵاتە دەدرێت بەو هاندەرانەی ساتێکی ناوازە یان هەڵوێستێکی مرۆیی کاریگەر تۆمار دەکەن، براوەکە لەڕێگەی تێکەڵەیەک لە دەنگی لیژنەی شارەزایانی تۆپی پێ و دەنگدانی راستەوخۆی جەماوەر لە ماڵپەڕی فیفا دیاریکراوە.

پەیامی یانەی زاخۆ
یانەی زاخۆ لەبارەی ئەم دەستکەوتەوە دەڵێت: “هەڵدانی یاریی منداڵان بۆ ناو یاریگا رۆحێکی مرۆیی بەرزی نیشاندا و لەلایەن کۆمەڵگەی وەرزشی کوردستان، عێراق و ئاسیاوە پێشوازی لێکرا. هاندەرانمان بڕبڕەی پشتی تیمەکەمانن و هیوادارین بەردەوام بن”.

جێی ئاماژەیە، خەڵاتی هاندەرانی فیفا لە ساڵی 2016ەوە دابەش دەکرێت و ئەمە یەکەمجارە یانەیەکی کوردستانی و عێراقی دەگاتە ئەو ئاستە جیهانییە.

لە هاندەرێکەوە بۆ فیفا؛ چیرۆکی کاندیدکردنی زاخۆ

لە هاندەرێکەوە بۆ فیفا؛ چیرۆکی کاندیدکردنی زاخۆ